تراوما
نمایشی هونه‌ریی “تراوما”
گەر بمانەوێت هەر کارێکی هونەریی بناسین دەبێت سەرەتا ئەو جیهانە بناسین کە کارەکەی لێوە هاتووە کە خودی هونەرمەندەکەیە.
هونەرمەند “بورهان سابیر” هونەرمەندێکە ماوه‌ی 50 ساڵە ئەزموونی کاری هونەریی دەکات و تا ئێستا بەردەوامە، بەپێی ئەو زەمەنەی تیایدا ژیاوە بەتەواوی بەناو مێژوو و تراژیدیا‌کانی عێڕاق تێپەڕیوەو وەک سەربازێک شاهێدی بینینی کارەساتەکانی جەنگ و پاشماوەکانیەتی كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خۆی قوڵ فڕێداوه‌ته سه‌ر هونه‌رمه‌ند وەک تراومایه‌كی ئازار به‌خش و له كاره هونه‌رییه‌كانیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
پەیکەره‌کانی هونەرمەند “بورهان سابیر” گێڕانەوەیەکی سیمبوڵیە، بۆ باردۆخی مرۆڤایەتی لەفەزایەکی پڕ لەجەنگ و کوشتار کەترسی لەناوچوون دەخەنەڕوو. مرۆڤی تێکشکاو، ڕوخساری شێواو و تۆقیو، هاوار و ئازارەکان، بابەتی کارەکانی ئەم هونەرمەندە پێکدەهێنن. بۆ بەرجەستەکردنی هەستەکان هونەرمەند زیاتر فۆکس دەخاتە سەر ڕوخسار، کە په‌یوه‌ست كراون به جەستە باریک و درێژ‌و لاوازەکانەوە. بورهان له كاره هونەرییەکانیدا جەستە وەک مێتافۆڕێک بەکارده‌هێنێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕوخساره‌كان بۆ ئاسمان وەک ئەوەی جەدەلێکی رۆحی و پیرۆز بونیاد بنێت. لەهەمان کاتدا هونه‌رمه‌ند لەگفتوگۆیەکی مێژوویی و کەسیدایه کە تا قوڵایی یادەوەرییە بێ‌شوناس و بێکۆد و بێئەدرەسەکانی مرۆڤی ئەم ناوچەیەت دەبەن، بە پەنای ئازار و ئاگر و جەنگ و مەرگدا ڕاتدەکێشن، لەهەمان کاتدا لەڕێگەی جەستە درەختییە باریک و وەستاوەکانه‌وه هێزو ئیرادەیەکیشمان پێشان ده‌دات كه تیایدا فیگه‌ره‌كان هێشتا لەسەر پێیەکانیان وەستاون وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕه‌گیان داکوتابێ بەڵام لە کۆنتێکستێکی نوێ‌دا لەسەر شوێن و کاتێکی تردا.
ئه‌م نمایشه دەنگدانەوەی خەیاڵێکی ڕەسەنه کەلە جیهانی ناوەوەی هونه‌رمه‌نده‌وه هاتووه، ئەم خەیاڵە لە هەندێک وێستگەدا گاریگەرە بەهونەری شارستانیەتەکانی کۆن و کەشێکی ڕۆحی و ئاینیش وەردەگرێت و دەچێتە سنوری پیرۆزیەکانەوە کە ئەمەش سەرکێشی ئازادییەکی تەواوی هونەرمەند دەردەخات لە خۆنەبەستنەوە بەتەنها ڕێڕه‌وێك.
مەتریالی به‌كارهاتوو له كاره هونه‌رییه‌كاندا هەڵبژاردەی خودی هونه‌رمه‌نده كه له تێكه‌ڵه‌ی چه‌ند كه‌ره‌سته‌یه‌كی جۆراوجۆر پێكدێت کە هونەرمەند وەک زمانێکی کاریگەر بۆ گوزارشتكردن به‌كاریده‌هێنێت.
ڕه‌نگ و مەلمەسی جیاواز لەسه‌ر ڕوكاری پەیکەرەکان وه‌ك توخمێکی هاوبەش ئاماده‌ییان هه‌یه‌و ده‌ربڕینێكی تر به‌كه‌ره‌سته به‌كارهاتووه‌كان ده‌به‌خشن له پڕۆسه‌ی بینین‌دا. مامەڵەکردنی هونه‌رمه‌ند لەگەڵ قەبارەو بۆشایی مامه‌ڵه‌یه‌كی گرنگ و به‌رچاوه ڕۆڵێکی یه‌كلایكه‌ره‌وه ده‌بینن له به‌رهه‌مهێنانی كاره هونه‌رییه‌كانیدا.
بۆ گەیاندنی گوزارشتەکانی زۆرجار هونەرمەند سنوری پەیکەرسازی تێدەپەڕێنیت و تێکەڵی میدیۆمی ئینستلەیشن و وێنەکێشان دەبێت و سنوره‌كان له نێوانیاندا هه‌ڵده‌گرێت.
له‌م نمایشه‌دا نزیكه‌ی 50 كاری هونه‌ریی به بارسته‌و قه‌باره‌ی جیاواز پێشان ده‌درێن كه له نێوان ساڵانی 1988 تا 2020 له ماوه‌ی ئه‌زموونی هونه‌ری خۆیدا به‌رهه‌می هێناون.
“تراوما” یاخود زەبری دەرونی، بریتیە لە توشبوون بە شۆکێکی دەروونی قورس بۆ ڕوداوێکی سامناک کە بە تەواوی کاریگەری لەسەر دەروونی کەسەکە دادەنێت کە بە پێی تێپەڕبونی زەمەن زیاتر لەمرۆڤدا دەمێنێتەوەو ناوەوەی دەکڕێنێت و لەگەڵیدا دەژیێت.
ئەحمەد نەبەز 2022


















