2022-05-15 04:00 PM
Until 2022-06-15

هیترۆتۆپیا

پڕۆژەی هونەریی هیترۆتۆپیا

كۆچ؛ پەیوەندی پچڕاوی مرۆڤە بە شوێنەوە، و لەهەمان كاتدا جۆرێك لە یاخیبونی بە ئاگا یا بێ‌ ئاگا، لەخۆئەگرێ‌ بەرامبەر ژیان و ژیاری نیشتیمانەكەی. هەندێ جار مرۆڤ گەر لە نیشتیمانێك بێ ماڵ بێت، هەست بە ناشوێنی پێگەی ژیانی خۆی دەكات، گەر لە ماڵ و شوێنێكیش بێت دوور لە نیشتیمانی خۆی، هەر هەمان هەستكردن بە ناشوێنی تیا ئامادە ئەبێتەوە. بۆیە كۆچبەر هەڵگری ناسنامەیەكی دوو دیوە، كە لە هەردوو دیوەكەیدا نامۆ و بێگانە خۆی دەبینێت.

تاكی ڕۆژهەڵاتیی بەگشتی و تاكی كورد بەتایبەتی، خاوەن مێژووییەكی دێرینن لەگەڵ پرسی كۆچ و ناجێگیری، ئەویش بەهۆی هەژمونی جەنگ و نەهامەتی و لێكەوتەكانییەوە، ئەمە وێڕای ململانێی سیاسی و ئاینی، كە هۆكارن بۆ نەبوونی ئومێدی گۆڕانكاری و پێشكەوتن و كەمی دەرفەتی كار و لەباربردنی ژینگەی دەرخستنی تواناكان و ئەو دۆخە چەقبەستوەی كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرپایە، هەموو ئەمانە وایانكردوە تاكی ئەم ناوچەیە هەستی ئارامی تیا وون بێت و لەخاكی خۆی هەڵبێت، دەرئەنجام لێشاوێك لە كۆچبەر دروست ببێت لە هەموو ئاست و چین و توێژ و تەمەنێكدا، هەڵوێستی خۆیان بە جووڵەی كۆچكردنیان بخەنەڕوو، لەم بارەیەوە نووسەری دیاری کورد بەختیار عەلی دەڵێت: “كۆچ تێكستێكە مرۆڤی ئێمە لەبری دەست بە قاچ دەینوسێت”.

بەهۆی دووباره‌بونه‌وه‌و بەردەوامی کۆچکردنەوە، ئێمە کۆمەڵێک هونەرمەندی هاوچەرخین کە لە ڕوانگەی ئەخلاقی و مرۆییەوە مامەڵە لەگەڵ ئه‌م پرسه‌ دەکەین، لە ڕێگەی ئه‌زمونه‌ هونەرییەکانمانەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی لە ڕوانگەی جیاوازەوە چەمکی کۆچکردن چارەسەر بکەین، لە ناوخۆوە دەست پێدەکەین بۆ نه‌خشه‌یه‌كی گه‌وره‌تر كه‌ زۆر سنوور دەبەزێنێت و زۆربەی دانیشتوانی ئەم هەسارەیە دەگرێتەوە، بۆ هەموو ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه‌ بەدوای خەونێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی شوێنێكی پارێزراویان هەبێت.

هیترۆتۆپیا” وەک پڕۆژەیەکی هونەری دەبێتە پانتاییەكی مەعنەوی و مەعریفی بۆ باسکردنی پرسی كۆچبەرە بێ شوێنەكان كە تیایدا سەرجەم هونەرمەندان ماڵێكیان بۆ نیشتەجێكردنی بیرۆكەكانیان بونیاد ناوە، هەریەك لەوێوە باس لەو ناشوێنی و نامۆبونە دەكات لەنێوان دوو شوێن و دوو نیشتیمانی كەرتبوودا ڕوودەدات، كە زۆربەی كات كۆچبەران لەنێوان هەردووكیاندا بە هەڵواسراوی لە بۆشایی سێیەم دەمێننەوە، كە بە واتایەكی تر ئێمە بەوە ناوزەدی ئەكەین كە لە “هیترۆتۆپیا”یەكدا دەژین.

كارە هەڵبژێردراوەكانی ئەم پڕۆژە هونەرییە، خۆی لەسەر بیرۆكەی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئاینی و كلتوری و ئاوارەبوونی كۆمەڵایەتی و سڕینەوەی ناسنامە و لێكەوتەكانی جەنگ و یاخیبوونی تاكە كەسی و بەرهەڵستی كۆمەڵگە بنیاتناوە، كە لە ڕوانگەی هونەریانەی ئێمەوە ئەمانە هۆكاری پشت دیاردەی كۆچكردنن.

هونەرمەندانی بەشداربوو زمانێكی جیاوازیان بۆ پەیوەندیكردن بە چەمكی “هیترۆتۆپیا” هەڵبژاردووە، بەجۆرێك كە لەگەڵ كەسایەتی، سەردەم، ناوەرۆك، هەروەها پەیامی پڕۆژەكە بگونجێت. بۆیە جیاوازی لە شێوازو زمانەكاندا ڕەنگدانەوەی جیاوازی بیرو بۆچون و تێگەیشتن و ئەزمونە تایبەتیەكانی هەر یەك لە ئێمەیە. كە لەڕێگەی پیشاندانی كارە هونەرییەكانەوە بە میدیۆمی نیگاركێشان، ئینستڵەیشن، ڤیدیۆ، فۆتۆ، هەروەها ئۆبجێكت و كەرەستە دیجیتاڵیەكان، ئەزموونە بەرجەستەكراوەكانی خۆمان دەگوازینەوە، تا بەشداری لەو نەهامەتی و ئازارەدا بكەین كە تاكی كۆچكردوی كۆمەڵگەكەمان پیاگوزەر ئەكات، لەهەمان كاتدا ڕەخنەیەک بونیاد دەنێین لەهەمبەر هەڵواسراویی ڕەوشی كۆچبەران و بەڕوخستنی ڕای گشتی دەربارەی ئەم پرسە.

شایەنی باسە بەشێك لە هونەرمەندانی بەشداربوو خودی خۆیان ئەزمونی كۆچیان كردوە و كارەكەیان تێكهەڵكێشی ئەو ئەزمونەیە كە بینیویەتی.

هیترۆتۆپیا، چەمكێكە بۆیەكەمجار لەلایەن فەیلەسوف “میشێل فۆكۆ”وە داهێنراوە لە ساڵی 1967 لە گفتۆگۆیەكدا لەگەڵ كۆمەڵەی تەلارسازان وەك جۆرێكی نوێی بۆشایی دەیناسێنێت. كە مانای “شوێنێكی تر”ە كە دەكەوێتە نێوان دوو فەزا، كە ئەوانیش بریتین لە “دیستۆپیا” شوێنێكە پڕمەینەت و دۆزەخییە، هەروەها “یۆتۆپیا” شوێنێكە كە هەموو شتێك تیا نمونەیی و جوانە. “هێترۆتۆپیا” ئەو شوێنەیە كە دەکەوێتە نێوان هەردووكیان، كە زۆرجار پێشی دەوترێت بۆشایی سێهەم.

 

ئەحمەد نەبەز 2026

Scan QR Code