2026-07-07 06:00 PM
Until 2026-07-30

دوای جێهێشتن

پیشانگەی هونەریی دوای جێهێشتن

ئەم پیشانگایە کۆبوونەوەیەکی کراوەی هونەرمەندانی کوردە، کە ٢٥ هونەرمەند لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لە دیالۆگێکی هونەری هاوبەشدا کۆدەکاتەوە. ئەم کۆبوونەوەیە فەزایەک دەڕەخسێنێت کە تێیدا دەنگ و دیدگا و ڕێبازە هونەرییە جیاوازەکان لە ڕێگەی زمانی گشتگیری هونەری بینراوەوە لەگەڵ یەکتر دەکەونە ئاخاوتن.

هەر هونەرمەندێکی بەشداربوو زمانی بینراوی تایبەتی خۆی پێشکەش دەکات؛ زمانێک کە لە ئەزموونی کەسی، یادەوەریی کولتووری و لێکۆڵینەوەی هونەری تاکەکەسییەوە شێوەی گرتووە. هەر بەرهەمێک، سەرەڕای سەربەخۆیی خۆی، بەشداری لە گفتوگۆیەکی فراوانتر دەکات سەبارەت بە ئێستا و داهاتووی هونەری هاوچەرخی کوردی. هەر بەم هۆیەشە کە هونەری کوردی لە ڕێگەی تاکایەتی هونەرمەندەکانی و هێزی کۆمەڵگەی هونەرییەوە بەردەوام گەشەی کردووە. ئەم بەرهەمانە، لەبری ئەوەی لە دەوری یەک تەوەردا بسوڕێنەوە، پانۆرامایەکی فرەلایەن و فرەدەنگ پێکدەهێنن کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەوڵەمەندی و ئاڵۆزی پراکتیکی هونەری شێوەکاری کوردییە لە ئەمڕۆدا.

ئەگەرچی پراکتیکەکانی هونەرمەندان لە ڕووی تەکنیک، فەلسەفە و شێوازی دەربڕین جیاوازن، بەڵام میدیۆمە جۆراوجۆرەکانی وەک: (نیگارکێشان، گرافیك، پەیکەرسازی، سیرامیک) و شێوازەکانی دیکەی دەربڕینی هونەری، لەم فەزایەدا پێکەوە دەژین. ئەم فرەڕەهەندییە جیا لەوەی دیمەنێکی دەوڵەمەند لە بیرۆکە، یادەوەری و ئەزموونی کولتووری دروست دەکات، هاوكات پەیوەندییەکانیش لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگەی هونەری وەكو هونەرمەندان، نووسەران، کۆڕاتۆرەکان، کۆکەرەوەکان و هونەردۆستان… بەهێز دەکات. لە ئەنجامی ئەم دیدارانەدا هاوڕێیەتیی نوێ دروست دەبن، ئەگەری هاوکاری و داهێنان سەرهەڵدەدات و گفتوگۆی مانادار بەردەوام دەكات.

پیشانگەكە جگە لەوەی کۆبوونەوەیەکی هونەرمەندانی کوردە، هەڵگری ڕەهەندێکی یادەوەریشە. تایبەتە بە یادی هاوڕێی ئازیزمان و یەکێک لە دەنگە کاریگەرەکانی هونەری بینراوی کوردی هونەرمەند “قەرەنی جەمیل”ە، کە بە درێژایی تەمەنی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە داڕشتنی دیمەنی هونەری و کولتووری کوردستاندا هەبووە. میراتی هونەری ئەو بەردەوامە لە ئیلهامبەخشین بە هونەرمەندان و بینەران تەنانەت ” دوای جێهێشتن”ی ژیان و كۆچی دوایشی.

 

ئەحمەد نەبەز

2026

Scan QR Code