2021-11-11 04:30 PM
Until 2021-12-12

بێناونیشانەكان

پڕۆژەی هونەریی “بێناونیشانەكان” 2021

 

ئەم پڕۆژە هونەرییە کاردانەوەیە بەرامبەر بە دیاردەی کوشتنی ژنان بەناوی شەرەفەوە، بەتایبەتی “گۆڕستانی ژنانی کوژراو” كە لە شارەکانی کوردستانی عێراق هەڵكەووتون. لە شاری “هەولێر” دەکەوێتە گۆڕستانی “کەسنەزان”، لە شاری “سلێمانی” بەشی خوارەوەی گۆڕستانی “سەیوان” داگیر دەکات.

گۆڕستانی ژنە کوژراوەکان، گۆڕستانێكە بێ ناو، بێ ناونیشان، بێ ماتەمینی. لەناو زەمینەکانی خۆیدا چیرۆکی کارەساتباری ئەو ژنانەی هەڵگرتووە کە بوونەتە قوربانی نۆرمە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان و کوشتنی شەرەف کە لەلایەن کەسوکار و خێڵ و کەسانی نەناسراوەوە ئەنجامدراون. لاشەکانیان لە چۆڵەوانی و ناو شاخ و قەراخ ڕێگا دوورەکان فڕێ دراون، دواتر لەلایەن شارەوانییەوە نێژراون. گۆڕەکانیان بە شێوەیەکی ناڕێک بە گڵ داپۆشراوە، لە سەرەوە و خوارەوەی هەر گۆڕێکدا دوو كێلی بەردی ناڕێک چەقێندراون و هیچ ناو و بەروارێکیان لەسەر نییە، تەنیا ژمارەیەک لەسەر ڕووكارەكانیان بە بۆیەی ڕەش و سوور نووسراوە. ئەم ژمارانە جێگەی ناسنامەی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بەناوی شەرەفەوە ناسنامەیان لێسەندراوەتەوە و دوای کوشتنیان جیاکاری لە گۆڕەکانیان دەکرێت، تێکەڵ بە مردووەکانی تر ناكرێن. کردەی سڕینەوەی “ناو” لە ناوچەکەدا ڕەگ و ڕیشەی لە میزۆپۆتامیا کۆنەوە هەیە. لە نێو ئەکادییەکاندا وشەی “ناو” بریتیە لە  “شامو”  کە بە مانای “نەوە” و “شەرەف” دێت. بەستراوەتەوە بە شەرەفی خێزانییەوە. زیانگەیاندن بە “ناوەکە” و سڕینەوەی لەو بەردە تایبەتانەی لێی هەڵکەندرابوون، بە مانای سڕینەوەی کەسەکە بوو لە ژیانی دوای مردنیشدا.

 

پرۆژەكە لە چوار بەشی پێکەوە گرێدراو پێکدێت، هەر بەشێک ڕەنگدانەوەی دیاردەی تراژیدی کوشتنی شەرەف و پەراوێزخستنی ژنانی کوژراوە. بەشی یەکەم: ئینستلەیشنی ١٠×١٠ مەتر، نوێنەرایەتی “گۆڕستانی ژنە کوژراوەکان” دەكات بە بەکارهێنانی ٣١ بەردی گۆڕ بە قەبارەی جیاواز دروستكراوە. ئەمەش بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجە بۆ سروشتی پەراوێزخراو و گۆشەگیری ئەم گۆڕستانانە و وروژاندنی مشتومڕ لە دەوری کەیسە داخراوەکان. بەشی دووەم: هونەری ڤیدیۆیی، ڤیدیۆکە باس لە چیرۆکی کارەساتباری “دوعا خەلیل ئەسوەد” دەکات کە کچێکی تەمەن ١٨ ساڵەی ئێزیدییە لە ساڵی ٢٠٠٧ بەهۆی هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێکی موسڵمان بەردباران کراوە و گیانی لەدەست داوە. بەشی سێیەم: ئینستلەیشنی 3×5×50 سم، ئەم کارە هونەرییە بە شێوەیەکی ڕەمزی نوێنەرایەتی کچێکی خەڵکی “کەلار” دەکات کە تووشی توندوتیژی خێزانی بووە و لەلایەن خێزانەکەیەوە کوژراوە. کارە هونەرییەکە قژی بڕاوی قوربانییەکە وەک هێمایەک بۆ هێزی ژنانە بەکاردەهێنێت. بەشی چوارەم: میکس میدیا، ئەم کارە هونەرییە لە ٢٧ فایل پێکهاتووە کە کۆپی ناسنامەی ئەسڵی قوربانییەکانی تێدایە. ئەم فایلانە نوێنەرایەتی ئەرشیفی تاریکی هۆڵەکانی دادگا دەکەن کە هیچ ئەنجامێکیان نەگەیشتووە و تاوانباران لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکراوە.

ئامانجی پڕۆژەكە هۆشیارکردنەوەی خەڵکە سەبارەت بە کوشتنی شەرەف و دۆخی نالەباری ژنان، ڕووبەڕوبونەوەی نۆرمەکانی کۆمەڵگا و دەربڕینی لێدوانێکی سیاسیە لە ڕێگەی هونەرەوە.

 

بەشی یەكەم: ئینستلەیشن، 2021

پێوانەی گشتی: 10×10مەتر

31 بەرد، قەبارەی هەر بەردێك لە نێوان 60 بۆ 120 سم

ئەم كارە هونەرییە وەرگێڕانە بۆ واقیعی کارەساتباری “گۆڕستانی ژنانی كوژراو ” لە كوردستانی عێراق. قەبارەكەی كارە هونەرییەكە 10×10مەتر دەبێت و ٣١ کێلی گۆڕی بەرد لەخۆدەگرێت کە پێوانەیان لە نێوان 6٠ بۆ 12٠ سم دەبێت.

لە چاوی کۆمەڵگای کوردیدا قوربانیانی ئەو گۆڕستانانە بە هۆکاری ناوزڕاندنی کۆمەڵگا دادەنرێن. لە ئەنجامدا ئەو شوێنانە بوونەتە پەراوێزخراو و دابڕاو لە ژیانی تاکەکانیان. لە ڕێگەی ئەم کارە هونەریەوە ئەم دابڕانە پێچەوانە دەکەمەوە، گۆڕستانەکە دەهێنمەوە ناو كۆمەڵگا و دەیگۆڕم بۆ لێدوانێکی هونەری. بە گەورەکردنی قەبارەی ئەم ئینستلەیشنە، جەخت لەسەر گەورەیی ئەو کارەساتە دەکەمەوە کە ڕوویداوە.

 

بەشی دووەم: هونەری ڤیدیۆیی، 2021

 كات: 0:04:22

یەك كەناڵ

ئەم كارە هونەرییە گێڕانەوەیە بۆ چیرۆکی ڕاستەقینەی کچێکی ئێزیدی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی “دوعا خەلیل ئەسوەد”، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە “شەنگالی كورستانی عێراق” بە شێوەیەکی کارەساتبار كۆتایی بە ژیانی هێنرا کاتێک هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێکی موسڵمان کرد. لای ئێزیدییەکان، خۆشەویستی و هاوسەرگیری لەگەڵ موسڵمانان بەهۆی جیاوازیی ئایینیەوە ڕێگەپێدراو نییە، ئەمەش بووە هۆی بەردبارانکردنی “دوعا” لەلایەن خەڵکی دەڤەرەکەیەوە.

کاریگەری ئەم ڕووداوە لەسەر من بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم بەرهەمە هونەرییە، کە تێیدا هەنارم بەكار هێناوەو ناوی “دوعا” و ئەو ژنانەم لەسەر نووسیوە کە ڕووبەڕووی چارەنووسی کارەساتبار بوونەتەوە. بە بڕوای من کردەی هەڵگرتنی تۆو لە هەناردا، مێتافۆرێکی قووڵە بۆ دەربڕینی دۆخی مێینەیی.

ڤیدیۆکە بە کاریگەری بەهێز و قورسی بەردەکان دەستپێدەکات، دواتر شلەمەنییەکی ڕەمزی و ڕەنگ سوور لە پێكهاتەی هەنارەكان ڕووداوەکان دەخاتە جووڵەوە. پرۆسەکە بە شێوەیەکی پارادۆکسیکال لە بێدەنگیدا بەردەوامە، ئاوێنەیەکی ئەو بێدەنگیەیە کە ئێمە سەبارەت بە کوشتنی ژنان هەڵمانبژاردووە.

 

بەشی سێیەم: ئینستلەیشن، 2021

3×5×50 سم

قژی دەستكرد، پەت

ئەم کارە هونەرییە بە شێوەیەکی ڕەمزی چیرۆکی کچە قوربانییەکی خەڵکی “کەلاری کوردستانی عێڕاق” دەگێڕێتەوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕووبەڕووی چارەنووسێکی تاریک بووەوە، کە بەهۆی پەیوەندییەکی خۆشەویستیەوە تووشی توندوتیژی خێزانی بوو و کۆتایی بەژیانی هێنرا. قژی کە هێمایەکی بەهێزی مێینەییە، پێش مردنی وەک سزایەک کورتکرایەوە- کردەوەیەک کە وەک هۆشدارییەکی توند بۆ کچەکانی دیکەی خێزانەکە بوو.

بە ئیلهام لەم چیرۆکە ئەم کارە هونەریەم دروست کردووە کە جەوهەری چیرۆکەکە لە ڕێگەی ڕەنگی تاریكی پرچێكی ڕەشی بڕاوەوە پیشان دەدات. فۆڕمی کارە هونەرییەکە لە وێنە ڕەسەنەکانی قژی قوربانییەکە وەرگیراوە، کە لە لایەن ژنە پارێزەرێکەوە بەناوی “ڕۆژگار ئیبراهیم مەعروف” پێم سپێردراوە. كە كار لەسەر کەیسەکانی پەیوەست بە “گۆڕستانی ژنانی کوژراو” دەکات.

 

بەشی چوارەم: كەرەستەی جۆراوجۆر، 2021

پێوانەی گشتی: 115×425 سم

27 فایل، قەبارەی هەر فایلێك 25×35 سم

ئەم کارە هونەرییە پێکهاتووە لە هەندێك ناسنامەو ٢٧ فایلی قەبارە ٢٥x٣٥ سم، ئەم پارچانە ڕەنگدانەوەی ئەرشیفی تاریکی هۆڵەکانی دادگان، سەبارەت بە فایلەکانی ژنانی کوژراو. بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ ئەنجامێک و بەبێ دەستگیرکردن یان دادگاییکردنی هیچ تاوانبارێک، ئەم فایلانە مۆرکران و داخران و هەرگیز نەکرانەوە. هاوپێچی هەر فایلێک ناسنامەی ناڕوونی ژنێکە کە ناو و دەموچاوی سڕاوەتەوە، گوزارشت لە شاردنەوەی کەیس و ناوی ئەو ژنانە دەکات کە بەهۆی توندوتیژیەوە دیارنەماون و کوژراون. چیرۆکەکانیان کاڵ بووەتەوە، تەنانەت لە سایەی یاساشدا.

Scan QR Code